وه‌زارەتی په‌روه‌رده‌ و ئه‌كاديمياى كوردى هەوڵێ چارەسەریی پرۆگرامی خوێندن دەدەن

01/08/2016 12:41:00 ص
1758 جار خوێنراوەتەوە

          به‌ مه‌به‌ستى پێداچوونه‌وه‌ى زمانه‌وانى پڕۆگرامه‌كانى په‌روه‌رده‌ و خوێندن له‌ هه‌رێم، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ڕێکەوتی (۲٠۱٦/۳/۳٠)ی زایینی، (د.پشتيوان سادق) وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى ئه‌كاديمياى كوردى كرد لەم سەردانی کردنە بەرێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان یاوەری بەرێزیان بوو..

له‌م دانيشتنه‌دا كه‌ سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك و چه‌ند ئه‌ندامێکى ئه‌كاديمياى كوردى به‌شداربوون، وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ داواى لێ كردن كه‌ هاوكارى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بن له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى زمان و پێداچوونه‌وه‌ى زمانه‌وانى كتێب و پڕۆگرامه‌كانى خوێندن، چونكه‌ "پڕۆگرامه‌كانمان سه‌رده‌ميانه‌ و گرنگن و جياوازييان له‌گه‌ڵ پڕۆگرامه‌كانى وڵاتانى پێشكه‌وتوو نيیە، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ وه‌رگێڕان و داڕشتنەوەی زمانەکەیاندا كێشه‌ و هەڵەيان هه‌يه‌ و پێويسته‌ به‌ دڵسۆزييه‌وه‌ كار له‌سه‌ر نه‌هێشتنى كه‌موكوڕييه‌كانیان بكه‌ين و بە زمانێكى يه‌كانگير و پوختى كورديي بێ هەڵە چاپان بکەینەوە."

لاى خۆشيانه‌وه‌ ئه‌كاديمياى كوردى ئه‌م هه‌نگاوه‌ى وه‌زيرى په‌روه‌رده‌يان به‌ گرنگ وه‌سف كرد و هه‌وڵه‌كانى وه‌زاره‌تيان له‌م چوارچێوه‌يه‌ به‌ نيشتمانى و به‌هادار دانا كه‌ له‌ رێگه‌ى ئه‌كاديمياوه‌ كار له‌سه‌ر زمانى زانستى و كۆمه‌ڵايه‌تى كتێبه‌كان بكرێت و نه‌وه‌ى نوێ به‌ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ى كوردى گۆش بكرێت.

دواتر بڕيار درا (وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و ئه‌كاديمياى كوردى) پێكڕا به‌ زووترين كات ليژنه‌ى پێداچوونه‌وه‌ى زمانه‌وانى پێك بهينن تا له‌ چاپى نوێى كتێبى پڕۆگرامه‌كان, هه‌ڵه‌ و كه‌مووكوڕى زمانى نه‌هێڵدرێت.

له‌ كۆتاييدا(د.پشتيوان سادق) پێداگرى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌كاديمياى كوردى ده‌توانێت رۆڵى گه‌وره‌ى له‌ زمان و داڕشتنەوەى كتێبه‌كانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ هه‌بێت.

ئەم دانیشتنە سەرەتایەک بوو بۆ پرۆژەیەکی گەورەتری پەروەردەیی و نەتەوەیی لەنێوانی وەزارەتی پەروەردە و ئەکادیمیای کوردی، کە هەردوولا لەسۆنگەی بەرپرسیارەتی زانستی و پەروەردەییەوە جێ بەجێی دەکەن.